شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە جۆرێكی تر بەردەوامە، ئەمڕۆ سێشەم سوپای ئیسرائیل كوشتنی دوو بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لە كەرتی غەزە راگەیاند، ئەوە لەوكاتەی بزووتنەوەكە خەریكی هەڵبژاردنی سەركردەیەكی نوێیە لە دوای كوژرانی زنجیرە سەركردەیەكی لە لایەن ئیسرائیلەوە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشێكی ئاسمانی لە باكوری كەرتی غەزە بەر لە دوو رۆژ، ئەحمەد یەحیا ئیبراهیم بەتش فەرماندەی شانەی دەستەبژێر لە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس كوژراوە، كە بەدرێژایی شەڕ خەریكی پلانگێڕی بووە لە دژی ئیسرائیل لە كەرتی غەزە.
بەپێی بەیاننامەكە لە هێرشێكی تری ئاسمانی دوێنێ بۆ سەر باشووری كەرتی غەزە، حەموودە ئەبو دقە، فەرماندە لە یەكەی هەواڵگریی سەربازی سەر بە حەماس كوژراوە، كە كاری كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بووە لەسەر سوپای ئیسرائیل بۆ جێبەجێكردنی پلان و هێرشكردنە سەریان، سوپای ئیسرائیل ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە هێرشەكانیان بەردەوام دەبن.