شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا كۆبووەوە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار سەركردەكانی شیعە داوای میكانیزمێكی نوێیان بۆ گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی كردووە دوور لە بەكارهێنانی هێزی تەناهی و سەربازییەوە.
بەپێی
سەرچاوەكە بەشداراین كۆبوونەوەكە دووپاتیان لەسەر پێویستیی بانگەشەكردنی تۆمەتباران بە گەندەڵی كردووە لە رێگەی ئاگەداركردنەوەی فەرمی كە لە دادگاوە دەرچووبێت دوور لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و تەناهی، هەروەها نەشاردنەوەی زانیارییەكان لەبارەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارە گیراوەكان لە هەڵمەتەكەی هەفتەی رابردوو كردووە، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتی دەكات.
لە كۆبوونەوەكە باسی یەكلاكردنەوەی كابینەی حكوومەتی زەیدی كرا، ئەگەرچی ئاماژەكان بەو ئاراستەن كە یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەكەوێتە دوای سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، هاوكات بەشداران هیوای سەركەوتنی زەیدیان لە گەشتەكەی بۆ واشنتن خواست لە بەدەستهێنانی چەند دەستكەوتێك بۆ عێراق، لەوانە ئازادكردنی بەشێك لە حەواڵە بانكییە بلۆككراوەكان لە بانكە نێودەوڵەتییەكان و فیدراڵی ئەمەریكا و گەڕاندنەوەی پارە دزراو و تۆمەتباران بە گەندەڵی لە دەرەوە، هەروەها ئەوان تاوتوێی دۆسیەی لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و چەكدانانی ئەوانیان كرد.