وەك بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە رێگەی فڕۆكەخانەی نەجەفەوە گەیشتە ئەو پارێزگایە، تەرمەكە لە رێگەی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە گەیشتووە، لەناو پێشوازییەكی فەرمی لە لایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەتی عێراق.
بەپێی
سەرچاوەكان تەرمی رابەری پێشووی ئێران، كە لە هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردوو كوژرا، رێوڕەسمێكی پێشوازیی فەرمی بۆ ساز دەكرێت، ئەمڕۆ تەنیا رێوڕەسمێكی پرۆتۆكۆلی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەتی ساز دەكرێت، بەیانی چوارشەم رێوڕەسمێكی فرەوانی جەماوەری لە نەجەف بۆ دێتە سازكردن، بەر لە رۆیشتنی كەژاوەكە بۆ پارێزگای كەربەلا.
دوێنێ سەعد معەن سەرۆكی شانەی راگەیاندنی تەناهی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری نەجەف رای گەیاند كە تەواوی دامەزراوە تەناهییەكان لە جێبەجێكردنی پلانی تەناهی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی بەشداری دەكەن، دووپاتی كردەوە هیچ جۆرە رێگرییەك بۆ بەشداریكردنی هیچ كەسایەتییەك لە رێوڕەسمەكە نییە.