مستەفا قەرەسوو: توركیا دەیەوێ لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پشتگیریی ناتۆ درێژە بە قڕكردنی كورد بدات

:: PM:12:17:08/07/2026 ‌
ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "مەدیا هەبەر" رای گەیاند، دەوڵەتی توركیا دەیەوێ لە ڕێگەی ناتۆوە كورد لەناو ببات.

مستەفا قەرەسوو ڕای گەیاند، نەیارانی گەلی كورد ناتوانن وەك ڕابردوو كورد بكەنە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، نیشانەی نزیكایەتییەكی ناڕاست و نادروستە بەرانبەر بە پرۆسەی ئاشتی.

ئەندامەكەی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە ئاشكرای كرد، سەرەڕای چەندان هەنگاونانی مێژوویی، بەڵام بەهۆی سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیاوە، هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لە "پڕۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"دا بەدی نەهاتووە. 

ئاماژەشی بەوە كرد، ئۆجەلان لە پێناو داڕشتنی چوارچێوەیەكی یاسایی و دەركردنی یاسای بنەڕەتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد، هەوڵێكی زۆری داوە و لە دوایین پێشهاتیشدا لە 24ی ئایار، پێشنیازنامەیەكی پێشكەش بە دەوڵەتی توركیا كردووە.

مستەفا قەرەسوو ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی گۆشەگیری گرت و گوتی: "لە كاتێكدا پرۆسەیەكی ئاوا گرنگ لە ئارادایە و دەرفەتی دیداریش هەیە، ماوەی مانگ و نیوێكە (45 ڕۆژ) هیچ دیدارێك لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئەنجام نەدراوە. ئەمە كێشەیەكی  رژدە و دەیسەلمێنێت كە دەوڵەت نزیكایەتییەكی ڕاستی بۆ پرۆسەكە نییە، چونكە كێشەیەكی ئاوا گەورە تەنیا بە پشتگیریی كۆمەڵایەتی چارەسەر دەبێت".

ئەندامەكەی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە دووپاتی لەوەش كردەوە، پێویستە یاسای بەڕێوەبردنی خۆجێی كە ئۆجەلان وەك یاساكانی ئازادی ناوی دەبات، دەربچێت تا ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموكراتیك، ئیرادەی ئازاد و چەسپاندنی پێگەی كورد لە دەستووردا خۆش ببێت.

مستەفا قەرەسوو تیشكی خستە سەر بەڕێوەچوونی لووتكەی ناتۆ لە ئەنكەرە و ناسنامەی ئەم ڕێكخراوەی وەك (ڕێكخراوێكی شەڕ، نەك ئاشتی) پێناسە كرد، كە كار لەسەر دروستكردنی قەیران و ململانێكان دەكات. 

ڕاشی گەیاند، توركیا دەیەوێ لە ڕێگەی بازرگانیكردن و بەدەستهێنانی پشتگیریی هێزە دەرەكییەكان لە ناو ناتۆدا، درێژە بە سیاسەتی قڕكردن و چەوساندنەوەی كورد بدات، ئەمەش نیشانەی بنبەست و تەنگاوبوونی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە.

ئەندامەكەی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە، باسی لەو دەنگۆیانە كرد كە دەڵێن پرۆسەی دەركردنی یاسای چاكسازی هێڵراوەتەوە بۆ دوای لووتكەی ناتۆ و گوتی: "ئەمە ڕەوشێكی مەترسیدارە و بەو مانایەیە كە دەوڵەتی توركیا چاوەڕێی دەرەنجامی لووتكەكە دەكات، ئەگەر پشتگیریی ناتۆ بەدەست بهێنێت، واز لە چارەسەری كێشەی كورد دێنێت و دووبارە شەڕ هەڵدەگیرسێنێتەوە".

مستەفا قەرەسوو پەیامێكی توندی ئاراستەی ئەنكەرە و هاوپەیمانانی كرد و ڕای گەیاند: "كوردی ئێستە كوردی پێشوو نییە، چیتر بە قوربانیكردنی كورد لە پێناو بەرژەوەندیی ئەواندا وەك ڕابردوو ئاسان نابێت".



وشە - سۆران عەزیز