دوای ئەوەی شەوی رابردوو تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لەناو پێشوازییەكی باڵای عێراقی و ئێرانی هێنرایە پارێزگای نەجەف، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق و پۆلێك لە بەرپرسانی باڵای عێراقی و سەرۆك كۆماری ئێران پێشوازییان لە تەرمەكە كرد، بەیانی ئەمڕۆ لە نەجەف و ئەم ئێوارەیەش لە كەربەلا رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەكە ساز كرا، حەشدی شەعبی دەڵێت لە كەربەلا چوار ملیۆن كەس بەشدارییان لە رێوڕەسمەكە كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم
راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند ژمارەی بەشداران لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران لە كەربەلا چوار ملیۆن كەسی تێپەڕ كردووە، ئەوەش وەك ئاماری سەرەتایی و هێشتا تەرمەكە نەگەیشتووەتە شەقامی تایبەتكراو بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە شاری نەجەف لەناو ئاپۆڕای جەماوەریی ملیۆنیدا، ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی كرا، ئێواری ئەمڕۆش كەژاوەی تەرمەكە گەیشتە شاری كەربەلا و بە ئامادەبوونی ملیۆنان كەس بەرەو هەردوو مەزاری ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس بردرا، بڕیارە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكە تەرمەكە ببرێتەوە پارێزگای نەجەف و لەوێشەوە بە فڕۆكەكەی بەرەو ئێران بەڕێ بكرێت و بڕیارە سبەی پێنجشەم تەرمەكە لە شاری مەشهەد دوای نوێژ لەسەر كردنی لەناو مەزاری ئیمام رەزا، هەشتەم لە 12 ئیمامی شیعە بەخاك بسپێردرێت.