عێراقچی وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپ دەداتەوە

:: PM:09:22:08/07/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 8ی تەمووزی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای سەرکۆنە کرد کە سەرکردایەتیی ئێستەی ئێرانی بە "ئاستی سێیەم" وەسف کردبوو.

لە لێدوانێکدا، عێراقچی ڕای گەیاندووە کە ئەوان وەڵامی قسەی نەشیاو بە قسە نادەنەوە، بەڵکوو بە کردار و بە بوێرییەکی زۆر و ئازایەتییەکەوە وەڵام دەدەینەوە کە ترس نەناسێت.

پێشتر لە ئەمڕۆ چوارشەمدا، ترەمپ دووپاتی کردبووەوە کە دەیەوێت کۆتایی بە پرسەکە لە ئێران بهێنێت و نایەوێت یاری لەگەڵ سەرکردەکانی ئێستەیان بکات. ئاماژەی بەوە دابوو کە سەرکردەکانی ئاستی یەکەم و دووەمی ئێران نەماون و ئێستە تەنیا سەرکردەکانی ئاستی سێیەمیان ماون.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، پێدەچێت ئێرانییەکان هەوڵی کوشتنم بدەن چونکە من ئامانجی ژمارە یەکم لایان. ڕوونیشی کردەوە کە ئێرانییەکان دەیانویست ڕێککەوتن بکەن، بەڵام دواتر تەقەیان لە کەشتییەکان کرد.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش داوە کە شەڕی سەر ئێران لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بووە و گوتی سوپای ئێرانمان وێران کرد و 59 کەشتیمان نوقم کرد، هەروەها سەدان فڕۆکە و ڕادارمان تێکشکاند و کۆتاییمان بە سەرکردەکانیان هێنا.

هەر لە ئەمڕۆدا، ترەمپ ڕای گەیاندبوو کە پێدەچێت ئەمشەو ئەمەریکا هێرش بکاتەوە سەر ئێران و ڕەنگە هێرشەکەشیان گەورە بێت. دووپاتی کردەوە کە ئێرانییەکان فێڵ دەکەن و ڕێککەوتن پێشێل دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ڕای گەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران کۆتایی هاتووە و نایەوێت لە داهاتوودا هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ بکات.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم، کۆتاییهاتنی قۆناغێکی نوێی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێرانی ڕاگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە 80 پێگەی سەربازی کراونەتە ئامانج، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ڕادارەکان، لەگەڵ تێکشکاندنی زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سەربە گرووپە چەکدارەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز.


وشە - پۆڵا مەحموود