گرووپەكانی موقاوەمەی عێراق: عەلی خامنەیی دامەزرێنەری بەرەی مقاوەمە بوو

:: AM:09:08:09/07/2026 ‌
ئەحمەد جابری ڕێكخەری گرووپەكانی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕای گەیاند، عێراقییەكان لە تەواوی پارێزگاكانەوە بۆ ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی كۆبوونەوە كە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن بوو، ئاخر ئەو دامەزرێنەری بەرەی موقاوەمە بوو.

بەرەی موقاوەمە لە عێراق كە ئێستە بووەتە بەرەیەكی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكە و لە چەندان لاوە عێراقی تووشی قەیرانی رژد كردووە، ئەمەریكا دووپات لە هەڵوەشاندنەوەی دەكات و ئێران سوورە لەسەر مانەوەی.

تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تارانەوە هێنرایە پارێزگای نەجەف، هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای عێراقی، سەرۆك كۆماری ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانە پێشوازییان لە تەرمەكە كرد، دواتر لە كەربەلا رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەكە ساز كرا.

وەك لە خشتەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكەدا هاتبوو، بەیانی دوینێ چوارشەم لە شاری نەجەف لەناو ئاپۆرای جەماوەریی ملیۆنیدا، ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی كرا، بەپێی ئامارەكان زیاتر لە دوو ملیۆن كەس، بەرەو هەردوو مەزاری ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس چوون و بەشدارییان لە ماڵئاواكردنی رێبەری ئێران كردووە.

ئەحمەد جابری ڕێكخەری گرووپەكانی موقاوەمەی ئیسلامی ڕای گەیاند، ڕێبەری پێشووی ئێران دامەزرێنەری بەرەی موقاوەمە بووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو بەرگریكارێكی سەرسەختی دۆزی فەلەستین و ستەملێكراوانی دنیا بووە و یاد و پاڵەوانێتییەكانی لە دژی داگیركاریی ئەمەریكا بە زیندوویی دەمێننەوە.




وشە - سۆران عەزیز