بڵاوبوونەوەی زنجیرە لێدوان و چاوپێكەوتنێكی ڤیدیۆیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی كوردەوە، ناڕەزایی كوردانی ئازەربایجانی لێ كەوتووەتەوە و حكوومەتیش داوای ددانبەخۆداگرتن دەكات.
سەردار جەلالۆغڵو سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە زنجیرە چاوپێكەوتنێكدا لە یوتیوب و تیكتۆك، هێرشی توندی كردووەتە سەر مێژوو و پێكهاتەی كولتووریی كورد و رای گەیاندووە، كورد گەلێكی سەربەخۆ و ڕەسەن نییە، بەڵكو كوردەكان "پاشماوە و گۆڕدراوی فارسن". یان تێكەڵەیەك لە چەند گەلێك.
ئەو لە قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە نەتەوەی كورد بوونێكی مێژوویی سەربەخۆی نییە، تەنیا "تێكەڵەیەك كولتووری و ڕەگەزییە لە چەند گەل و هۆزێكی جیاوازن".
دەڵێت: "كورد نە خاوەنی موزیكە، نە ئەدەبیاتی هەیە و نە خاوەنی هیچ جۆرە تەلارسازی و ئینجازاتی مێژوویی خۆیەتی".
لە بەرانبەر ئەو قسانە، كەسایەتی و كۆمەڵە كوردییەكانی ئازەربایجان هاتوونەتە دەنگ و بەچەندان بەیاننامە دژی ئەو جۆرە لێدوانانە ناڕەزاییان دەربڕیوە.
كۆمەڵەی كولتووریی كوردی "ڕۆناھی" (Ronahi) وەك ڕێكخراوی فەرمیی نوێنەرایەتیكردنی كوردانی ئازەربایجان، لە راگەیەنراوێكی فەرمیدا وەڵامی ئەم هێرشانەی دایەوە و دەڵێت، ئەم هێرشانە لە كاتێكدان كە فرەكولتووری بنەمای سەرەكیی دەوڵەتی ئازەربایجانە كە لەلایەن حەیدەر عەلیێڤ و سەرۆك ئیلهام عەلیێڤەوە پەرەی پێ دراوە، بۆیە داوا لە لایەنە تەناهییەكان و یاساییەكانی ئازەربایجان دەكەین، سزای توندی ئەو كەسانە بدەن كە دەیانەوێت پشێوی لەسەر بنەمای نەتەوەیی دروست بكەن."
لە بەرانبەر ئەو تووڕەبوونەی كوردانی ئازەربایجان، حكوومەت داوای لێ كردوون ئارام بن و ددانبەخۆیاندا بگرن، كێشەكان لە رێگەی یاساوە چارەسەر بكەن.