لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی بە ماوەیەكی زۆر كەم، كە لە 14ی ئایاری رابردوو متمانەی لە پەرلەمان پێ درا، ئەو دەستی بە هەڵمەتێكی فرەوانی داماڵینی چەكی میلیشیاكان كرد، شارەزایەك پێی وایە ئەوەی تا ئێستە كراوە زیاتر شێوەییە نەك پرۆسەیەكی داماڵینی كردەنی.
حەمید عوبێدی شارەزا لە بواری ئاسایش دووپاتی كردەوە، رێوشوێنەكانی یەكخستنی میلیشیاكان لەگەڵ دامەزراوە فەرمیی سەربازی و تەناهییەكان كە تا ئێستە ئەنجام دراوە، زیاتر شێوەییە نەك كردەنی، ناتوانرێت بە كۆتایی دۆسیەكە دابنرێت، چونكە یەكخستنی راستەقینەی ئەوان واتە كۆتاهاتنی قەوارەی رێكخستنەكانیان وەك هێزی سەربەخۆی سەربازی و دووبارە دابەشكردنەوەیان بە شێوەی تاك لە ناو دامەزراوە سەربازییەكان.
روونی كردەوە، ئەوەی تا ئێستە لەو دۆسیە رووی داوە ئاماژەیە بەوەی ئەو میلیشیایانە لە ناوێكەوە بۆ ناوێكی تر گۆڕاون، بەڵام تا ئێستە لە ناوخۆدا تۆكمە و یەكگرتوون، لەوكاتەی حكوومەتی عێراق پلانێكی روونی جێبەجێكاری بۆ قۆناغەكانی یەكخستنی ئەوان و میكانیزم و خشتەی كاتی بۆ ئەو كارە رانەگەیاندووە، ئەوەش نیشانەیەكی زۆری پرسیاری دروست كردووە.
عوبێدی دووپاتی كردەوە كە لە ساڵانی رابردوودا هێزە سیاسییەكان لەسەر ئیدارەدانی دۆسیە هەستیارەكان بە شێوازێكی لە شوێنخۆچەقین و بە هەنگاو بێ راگەیاندنی وردەكارییە تەواوەكان راهاتوون، كە رەنگە بۆ قۆناغی ئێستە ئەو شێوازە بەس نەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی گوشارێكی گەورەی نێودەوڵەتی داوای رێوشوێنی بەرجەستەكراو و بینراو و هەستپێكراو دەكات.