ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووزی 2026، بەرپرسێکی ئەمەریکی پێشبینیی کرد کە ئاڵۆزییەکانی ئێستەی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ڕەنگە لە یەک یان دوو ڕۆژەوە بۆ یەک هەفتە و تەنانەت یەک مانگیش بەردەوام بێت، ئەوەش بەندە بەوەی کە ئایا تاران بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز یان نا.
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "ئەکسیۆس" ڕای گەیاندووە، ئەمەریکا گورزێکی بەئازار ئاراستەی ئێران دەکات تا تێبگەن کە واشنتن بەتەواوی ڕژدە و گاڵتە ناکات.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دووپاتی کردەوە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 170 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان بۆردمان کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆش سێنتکۆم تەواوکردنی قۆناغێکی تری هێرشە ئاسمانییەکانی لە قووڵایی ئێران ڕاگەیاند. واشنتن دووپاتی کردەوە کە ئەو شەپۆلی ئۆپراسیۆنانە، ئامانج لێیان لاوازکردنی زیاتری تواناکانی ئێرانە بۆ پەلاماردانی جووڵەی کەشتیوانیی بازرگانی و دەریاوانە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردوو دێت.