بڕیارە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی واشنتن بكات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، دوو رۆژە پەرەسەندنەكانی ئێران و ئەمەریكا لە گەرووی هورمز سەری هەڵداوەتەوە و ئەوان هێرش دەكەنە سەر یەكتر، تا ئێستە میلیشیاكانی عێراق كاردانەوەیان نەبووە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بێت و هێرش بكەنە سەر وڵاتانی كەنداو، زەیدی دەخەنە هەڵوێستێكی شەرمەزار و كار لە ئەجیندای سەردانەكەی دەكات.
تا ئێستە
میلیشیاكانی عێراق، بەتایبەتی حزبوڵا و نوجەبا، هیچیان لەبارەی پەرەسەندنەكانی دوایی گەرووی هورمز نەگوتووە و چاوەڕوانی ئێرانن، بۆیە حكوومەتی عێراق بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و دەیەوێ پێش لە هەر كاردانەوەیەكیان بگرێت، بەپێی سەرچاوەیەك ئێستە حكوومەتی عێراق بە دوو ئاراستە كار دەكات، توندكردنی چاودێریی تەناهی لەسەر جووڵەی میلیشیاكان و چالاكییە مەیدانییەكانیان و پێوەندییە سەربازییەكانیان بۆ پووچەڵكردنەوەی هەر هەوڵێكیان بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوخو دەرەوەی عێراق، لە رووی سیاسیشەوە داوا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات بۆ رێگرتن لە میلیشیاكان لە پەرەسەندنی دۆخەكە لە عێراق.
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیاكان، تا ئێستە ئەنجامی هەوڵەكانی حكوومەت روون نییە، چونكە لە لایەك ئەوان هیچیان رانەگەیاندووە، بەڵێنیان بە ئەنجامنەدانی هێرش نەداوە، لە لایەكی تر هەڵوێستیان بە بڕیاری سەركردایەتیی ئێران بەستووەتەوە، ئەوەش هەڵوێستی حكوومەت شەرمەزار دەكات.
ریاز تائی توێژەری سیاسی دەڵێت، حكوومەتی زەیدی رووبەڕووی یەكێك لە هەستیارترین دۆسییەكان بووەتەوە، نزیكبوونەوەی وادەی سەردانەكەی بۆ واشنتن وا دەكات هەر جموجۆڵێكی مەیدانیی میلیشیاكان سەرچاوەی شەرمەزارییەكی گەورە بێت بۆی، ئێستە هەوڵی هێوركردنەوەی میلیشیاكان و دوورخستنەوەی عێراق لە بوون بە گۆڕەپانی شەڕ دەدات، بەڵام رێوشوێنەكانی گەرەنتییان بۆ نییە.