شارەزایان: نەهێشتنی میلیشیاكان كلیلی پێوەندییەكی دەرەوەی هاوسەنگە بۆ عێراق

:: PM:08:18:09/07/2026 ‌

لەو كاتەی حكوومەتی نوێی عێراق هەوڵ دەدات كە پێوەندییە دەرەكییەكانی هاوسەنگ بكات و ئەو وێنەی لە ساڵانی رابردوو بۆی كێشرابوو بیگۆڕێت، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو و عەرەبی و ناوچەكە، شارەزایان پێیان وایە كلیلی ئەو هاوسەنگییەی پێوەندییەكانی عێراق نەمانی دەسەڵاتی میلیشیاكانە.

عیسام فەیلی مامۆستای زانستە سیاسییەكان دەڵێت، حكوومەتی عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی هاوسەنگكردن لە نێوان دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بووەتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەوڵەكانی بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی میلیشیاكانی ئێران بۆ دەست پێكردنی پڕۆژەی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای كرانەوەی ئابووری و پڕۆژەكانی وزە لە ناوچەكە رژدە.

د. ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی ئاماژە دەكات، بەغدا پێویستی بە گەڕاندنەوەی متمانەی وڵاتانی كەنداوە لە رێگەی سنوورداركردنی كاریگەریی ئێران و چارەسەركردنی دۆسیەی میلیشیاكانی هەیە، بەوەش بوار لەبەردەم كۆمپانیا ئابووری و بازرگانییەكان فرەوانتر دەبێت، لای خۆیەوە غالب دەعمی مامۆستای زانستە سیاسییەكان گوتی، چەكی بەرەڵا گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پەرەسەندنی پێوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی كەنداو، بۆیە حكوومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەركردنی دۆسیەی میلیشیاكان رژدە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل