دایت کۆلا ژیانی ژنێکی ئەمەریکی لە نەشتەرگەرییەکی قورس ڕزگار دەکات

:: PM:08:32:09/07/2026 ‌
گۆڤاری پزیشکیی "نیو ئینگلاند" بڵاوی کردەوە، تیمێکی پزیشکی لە ویلایەتی ماساچووسێتس لە ئەمەریکا، سەرکەوتوو بوون لە چارەسەرکردنی ژنێکی تەمەن 63 ساڵ کە بەدەست ئازارێکی توندی گەدەیەوە دەیناڵاند، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی خواردنەوەی گازیی "دایت کۆلا" بۆ توانەوەی بارستەیەکی گەورەی خۆراکی هەرسنەکراو لە ناو گەدەیدا.

نەخۆشەکە کە بەدەست قەڵەوی و نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمەوە دەیناڵاند، بۆ ماوەی یەک مانگ سکاڵای لە ئازارێکی سووتێنەری بەردەوام لە بەشی سەرەوەی سکی هەبوو کە دەرمانە ئاساییەکانی دژە ترشەڵۆکی گەدە سوودیان بۆی نەبوو. بە پێداچوونەوە بە مێژووی پزیشکییەکەیدا، دەرکەوت کە دەرمانی "سیماگلۆتاید" دەخوات کە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی دەرمانی بەناوبانگی ئۆزەمپیکە بۆ دابەزاندنی کێش، و ئەمەش یارمەتیی دابوو بۆ لەدەستدانی نزیکەی 20 کیلۆگرام لە کێشی.

پزیشکەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەم جۆرە دەرمانانەی دابەزاندنی کێش دەبنە هۆی خاوکردنەوەی بەتاڵبوونەوەی گەدە لە پێکهاتەکانی. ئەم خاوبوونەوە زۆرەش هەندێک جار دەبێتە هۆی کەڵەکەبوون و ڕەقبوونی پاشماوەی خۆراک. دوای پشکنین بە ئامێری هەناوبین (نازوور)، دەرکەوت کە بارستەیەکی گەورە ڕێڕەوی گەدەی ژنەکەی گرتووە، بۆیە پزیشکان بڕیاریان دا دەستبەجێ دەرمانی کێش دابەزاندنەکەی ڕابگرن.

پزیشکان لەبری پەنابردن بۆ نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز، چارەسەرێکی داهێنەرانە و کەم تێچوویان هەڵبژارد؛ بەپێی هەندێک تاقیکردنەوەی پزیشکی، خواردنەوە گازییەکان توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بارستەیەیان هەیە بەهۆی ترشی یان گازەکانیانەوە. بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی شەکرەش، پزیشکەکان بڕی یەک لیتر و نیو "دایت کۆلا"یان لە ڕۆژێکدا بۆ دیاری کرد.

چارەسەرەکە بێئومێدی نەکردن؛ تەنیا لە دووەم ڕۆژی خواردنەوەی گازییەکەدا، نەخۆشەکە هەستی بە جووڵەیەک لە ناو گەدەیدا کرد و دواتر هەستی دڵتێکەڵهاتنی بەتەواوی نەما. پشکنینی دواتریش بە نازوور نیشانی دا کە بارستەکە بەتەواوی و بەبێ هیچ لێکەوتەیەکی لاوەکی دیار نەماوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەندێک چارەسەری پزیشکیی کاریگەر ڕەنگە زۆر سادە بن و لەبەردەستی هەموواندا بن.


وشە - پۆڵا مەحموود