لە كەركووك سزادراوێك پۆستی لە دیوانی پارێزگا پێ دراوە

:: PM:09:16:09/07/2026 ‌

بەپێی چەند نووسراوێك لە دیوانی پارێزگاری كەركووك لە سەردەمی رێبوار تەهادا، ئەندازیارێك كە تۆمەتی گرتنی هەبووە، پۆستی لە دیوانی پارێزگاكە پێ دراوە، ئەو پێشتر سزای گرتنی بۆ دەرچووە و بەر لە پێداچوونەوە بە سزاكەی و ئازادكردنی لە دادگا، پۆستی پێ دراوە.  
 
بەپێی نووسراوێك كە وێنەیەكی دەست "وشە"، كەوتووە، محەمەد سەمعان ئاغا پاریزگاری كەركووك واژووی لەسەر بڕیارێكی كارگێڕی كردووە، كە ئەندازیار قاسم ئیبراهیم حافز لە پۆستەكەی وەك بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان بە وەكالەت لابدرێت، ئەوەش بەهۆی بەڕێوەبردنی پۆستی یاریدەدەری پاریزگار بۆ كاروباری پلاندانان، هاوكات ئەندازیار ئیسماعیل جەلال ئەمین فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی كەركووك تەنسیب بكرێت و ئەركی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی لە دیوانی پاریزگا پێ بدرێت، بەڵام تا ئێستە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە.

ئەوە لەوكاتەی قاسم ئیبراهیم حافز لە5/9/ 2024 لە سەردەمی رێبوار تەها پارێزگاری ئەوكاتی كەركووك، بە فەرمانێكی ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی ئەركی یاریدەدەری پارێزگار بۆ كاروباری تەكنیكی لەپاڵ ئەركەكەی هاتبووە راسپاردن، لەوكاتەی لە ساڵی 2021 بەپێی مادەی 340ی تایبەت بە گەندەڵی دارایی سزا دراوە، بڕیاری دادگای پێداچوونەوەش بە دووبارەكردنەوەی دادگاییكردن و ئازادكردنی لە 25/8/2025 دەرچووە، واتە كاتی دانانی لە پۆستەكە سزای لەسەر بووە و هێشتا پێداچوونەوە بە سزاكەی نەكراوە و لە دادگا ئازاد نەكراوە. 







وشە - وشه‌