"ئێران سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ"

:: AM:09:13:10/07/2026 ‌
لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی ئەمەریکادا کە ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026 بڵاو کراوەتەوە، هاتووە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگرییان داوەتە ئیدارەی ئەمەریکا، کە ئاماژە بەوە دەکات ئێران سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی نوێیە بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستیەوە، ڕاپۆرتەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر کات و کەناڵی ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زانیارییانە لە نێوان هەردوو لایەنی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەبارەی پلانەکەی ئێران ئاشکرا نەکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکەدا ئەوەش هاتووە، بانگەشەکان بۆ کوشتنی ترەمپ لە کاتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران سەری هەڵدا، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کوژرا.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی چەند هەوڵێکی کوشتن و بەئامانجگرتن بووەتەوە؛ دیارترینیان برینداربوونی گوێی ڕاستی بوو لە هێرشێکی چەکداریدا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە 13ی تەمووزی 2024، هەروەها پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی تر لە یانەی گۆڵفەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا لە 15ی ئەیلوولی 2024.

هەروەها لە 25ی نیسانی ڕابردووش، هێرشێکی تر بۆ سەر ئاهەنگی نانی ئێوارەی یانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی پووچەڵ کرایەوە، کە ترەمپ و ئەندامانی حكوومەتەکەی تێیدا ئامادە بوون، ئەوەش دوای ئەوەی تیمی پاراستنی نهێنی، گومانلێکراوەکەیان گرت.


وشە - پۆڵا مەحموود