میدیای ئێرانی ئاشكرای دەكات ئەمڕۆ شاندێكی قەتەری سەردانی تارانی كردووە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە، تا دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دەست پێ بكاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووز شاندێكی قەتەر سەردانی تارانی كرد، ئەم سەردانەیش دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردوو لە كەنداو هێرش كرایە سەر كەشتییەكی قەتەری و سعوودی. لەو هێرشەیش ئێران تۆمەتبار كرا و ئەمەریكا بەو هۆیەوە هێرشی كردە سەر ئێران.
میدیای ئێرانی باس لەوە دەكەن، ئامانجی شاندی قەتەر ئەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كۆببنەوە و هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بدەن و تا دەست بە دانوستاندنی ئێران و ئەمەریكا بكرێتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكرێت شاندەكە بە هاوئاهەنگی ئەمەریكا سەردانی تارانی كردووە تا گفتوگۆیەكی فراوانتر دەست پێ بكاتەوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەو رێككەوتنەی بۆ وەستاندنی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا كراوە، كۆتایی پێ هاتووە.