ڕێكخراوی هەنگاو: زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی كورد لە شەش مانگدا گیراون

:: AM:11:45:11/07/2026 ‌
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕاپۆرتێكی درێژی تایبەت بە پێشێلكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2026دا بڵاو كردەوە و رای گەیاند، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی كورد گیراون.

بەپێی راپۆرتەكەی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لانی كەم 46 بەندكراوی كورد لە گرتووخانە جیاوازەكانی ئێراندا لە سێدارە دراون، كە تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا 36 كەسیان سزاكەیان جێبەجێ كراوە. ئەم ڕێژەیە دەگاتە 12%ی كۆی گشتیی لەسێدارەدانەكان لە تەواوی ئێراندا كە 385 حاڵەت بووە.

لەناو سێدارەدراوەكانی كورددا، هەشت گیراوی سیاسی هەبوون بە ناوەكانی: ناسر بەكرزادە، میحراب عەبدوڵازادە، ڕامین زلە، كەریم مەعرووفپوور، ئەشكان مالكی، میهرداد محەمەدینیا، ئەرسەلان شێخی و ئامانج كاروانچی كە زۆرینەیان خەڵكی كرماشان بوون.

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی شەش مانگ بەسەر خۆپێشاندانەكانی ساڵی ڕابردوو، هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی 290 هاووڵاتیی كورد ئاشكرا بكات كە لەو خۆپێشاندانانەدا گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی راپۆرتەكە لە شەش مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی كورد لەلایەن دەزگاكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون. هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی 861 كەسیان بە تەواوی پشتڕاست بكاتەوە، لە ناویاندا 71 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی، 69 ژن، 11 خوێندكاری زانكۆ و 10 مامۆستا هەن.




وشە - سۆران عەزیز