بەدرێژایی هەفتەی رابردوو رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە تاران و قوم و نەجەف و كەربەلا بەڕێوە چوو، بەر لەوەی لە شاری مەشهەد نوێژی مردووی لەسەر بكرێت و بێتە بەخاكسپاردن، ئەوەی چاوەڕوان دەكرا، موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران لە رێوڕەسمەكە بەشداری بكات و دەربكەوێت، بەڵام رووی نەدا، ئەوەش گومانەكانی سەر هۆكاری دەرنەكەوتنی زیاد كرد.
فەرزان سابت شارەزا لە كاروباری ئێران لە پەیمانگەی جنێڤ بۆ لێكۆڵینەوەی باڵا گوتی، دەرنەكەوتن و ئامادەنەبوونی موجتەبا لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی باوكی، بە نەرێنی كار لە وێنەی ئەو لەبەردەم رای گشتی دەكەن، بەڵام رەنگە كاریگەرییەكە كاتی بێت، ئەگەری هەیە دەرنەكەوتنی بەهۆی برینداربوونی بێت، جیا لە مەترسی لەسەر ژیانی لە كردنەئامانجی، هاوكات ئەو شارەزایە پێشبینیی بوونی كێبەركێی لەسەر دەسەڵاتی لە نێوان موجتەبا و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كرد.
لای خۆیەوە جایسۆن برۆدسكی بەرپرسی سیاسەتەكان لە رێكخراوێكی نەیار بۆ ئێرانێكی خاوەن چەكی ئەتۆمی گوتی، ئێستە موجتەبا زیاتر پشتی بە سوپای پاسدارانەوە بەستووە، چونكە بە پاڵپشتیی ئەوانەوە پۆستی رابەری وەرگرتووە.
دووپاتی كردەوە، بەڵام هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا گۆڕاوە و موجتەبا وەك سەركردە لە باوكی لاوازترە، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ لە دوای شەڕی دوایی خۆی بە یەكگرتوو پێشان بدات، بەڵام ئامادەنەبوونی رابەری نوێی بوونی دۆخێك لە ترس لە پشت پەردە لە تاران لە دوای كوژرانی زۆرێك لە سەركردەكانی ئاشكرا دەكات.