بۆچی هەڵوێستی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران كتوپڕ گۆڕا؟

:: PM:05:53:11/07/2026 ‌
هەفتەی رابردوو هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران، لە گەرووی هورمز هێرش كرایە سەر سێ كەشتی، ئەمەریكا وەڵامێكی توندی ئێرانی دایەوە و دەیان ئامانجی سەربازیی ئێرانی لە ناوچەكە بۆردمان كرد، سەرۆكی ئەمەریكا ئێرانی بە فێڵكردن تۆمەتبار كرد، چەند سەرچاوەیەكی رۆژئاوایی باسی چەند زانیارییەكی نهێنیی دەكەن لەپشت ئەو هەڵوێستە توندەكانی ئەمەریكا بووە.

هەفتەی رابردوو هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنە سەربازییەكانی گەرووی هورمز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رێگەپێدانی كاتی بۆ فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی پتركیمیایی ئێرانی بە دۆلار هەڵوەشاندنەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەك، چەند زانیارییەكی هەواڵگری باسی ئەوەیان كردووە كە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكە هەنگاوێكی ئاسایی سیاسییانە نەبووە، بەڵكو رێوشوێنێكی خۆپارێزی بووە لە چارەكە سەعاتی كۆتایی بۆ پووچەڵكردنەوەی فێڵێكی گەورەی ئێران، لە سوودبینین لە چەند هەفتەی دوایی دانوستان و ئاگربەست. 

بەپێی سەرچاوەكان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتدان بە ئێران دوای ئەوە هات كۆشكی سپی راپۆرتێكی لە ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بەدەست گەیشت، كە لەسەر  بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەكان و چاودێرییەكی وردی سیبرانی و وێنەی مانگە دەستكردەكان بۆ جموجۆڵە وشكانی و ئاوییەكان لە ناو ئێران نووسرا بوو، زانیارییەكان باسی ئەوەیان كردووە كە ئێران سوودی لەو ئاسانكارییەی ئەمەریكا بۆ دەستكەوتنی دۆلار و بەكارهێنانی بۆ پاڵپشتیی دارایی و لۆجیستیی میلیشیاكانی لە ناوچەكە بەستووە، جیا لە پەرەپێدانی توانای درۆن و مووشەكە بالیستییەكانی.

وێنە ئاسمانییەكان بوونی جموجۆڵی شەوانەی چڕی چەندان كاروانی بارهەڵگریی سەربازیی ئێرانیان لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتەوە تێبینی كردووە، ئەوان دەچوونە ناو تۆڕێك تونێل و حەشارگەی چیایی لە نزیك گەرووی هورمز و دەریای عومان، بە شیكردنەوە و بەیەكەوەبەستنەوەی داتا و وێنەكان، دەركەوتووە كە ئەو بارەی بە نهێنی گواستراوەتەوە بریتی بووە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو و حەشاردانی ئەو یۆرانیۆمە لە نزیك گەرووەكە و لە لێواراوەكانی ئێران.

بەپێی سەرچاوەكان، بردنی مادە ئەتۆمییەكان بۆ ئەو ناوچانە ئامرازێكی گوشاری زیاتر و بەهێزتر بۆ تاران فەراهەم دەكات بۆ رێگرتن لە هەر گەمارۆیەكی دەریایی ئەمەریكا لە داهاتوودا، هاوكات هەر هێرشێكی ئەمەریكی بۆ سەر ئەو ناوچانە پیسبوونی تیشكاوەری ئەتۆمی دروست دەكات و بەیەكجاری ناوچەكە دەخاتە مەترسییەو، واتە هێڵێكی بەرگری دروست دەكات و وا دەكات ئەمەریكا نەتوانێت چیتر سەربازییانە دەست لەو ناوچانە وەربدات و لە كۆتاییدا بە مەرجی ئێران دانوستانەكان بەڕێوە یچن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل