سێنتكۆم: هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز كراوەیە

:: PM:04:25:12/07/2026 ‌

یەكێك لەو خاڵانەی ئەمەریكا و ئێران لە دانوستانەكانیان سەرنجی دەخەنە سەر، ئاساییكردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و نەمانی هەژموون و دەسەڵاتی ئێرانە بەسەر گەرووەكەدا، ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئێستە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز كراوەیە و لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندا نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، تا ئێستە رێڕەوەكانی هاتوچۆكردنی دەریایی لە گەرووی هورمز كراوەن، گەرووەكە لەبەردەم هەموو كەشتییەكانی دەیانەوێ بە شێوەیەكی یاسایی تێپەڕ بن، كراوەیە و لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندا نییە، هاوكات هێزەكانی ئەمەریكا لەوێن و ئامادەن مسۆگەریی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بكەن، سەرەڕای هێرشە بێ پاساوەكانی ئێران.

فەرماندەییەكە ئاماژەی كرد، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سوپای ئەمەریكا ئاسانكاری بۆ تێپەڕبوونی 800 كەشتی و زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت كردووە، لەوكاتەی زیاتر لە 140 كەتی لە ماوەی حەفت رۆژی رابردوو بە گەرووەكە تێپەڕ بوونە.

شایەنی باسە ئەو بەیاننامەی سێنتكۆم لە دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردوو لە دوای هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر چەند كەشتییەك لە گەرووی هورمز، سوپای ئەمەریكا لە ماوەی سێ شەودا زیاتر لە 300 ئامانجی سەربازی و ستراتیجیی ئێرانیان لە ناوچەكە بۆردمان كرد و زیانێكی گەورەیان گەیاند، واشنتن پەیامی هەڕەشەی ئاراستەی تاران كرد لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی هێرشەكانی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل