زەیدی ئەجیندای دیدارەكەی لەگەڵ ترەمپ ئاشكرا دەكات

:: PM:04:40:12/07/2026 ‌

بڕیارە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و لەم چەند رۆژە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، سەردانەكەی زەیدی بۆ ئەمەریكا فەرمییە و هەفتەیەك دەخایەنێت، جیا لە ترەمپ چاوی بە ژمار ەیەك كۆنگرێسمانی هەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات و دواتر نوێنەری كۆمپانیاكانی ئەمەریكی دەكەوێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە سەردانەكەی ئەجیندای دیدارەكەی لەگەڵ ترەمپ ئاشكرا كرد.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكی كە لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی لەژێر ناونیشانی "بۆچی سەردانی واشنتن دەكەم؟"، نووسیویەتی، لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا باسی چۆنیەتیی پەرەپێدان و پێشخستنی پێوەندییەكان لە ئیدارەدانی تەنگژەكان و رەخساندنی هەلی كار، بەتایبەتی لە بوارە ئابوورییەكان دەكەم، بەهێزكردنی هاوبەشیی بەغدا و واشنتن و راكێشانی وەبەرهێنانی ئەمەریكی بۆ عێراق و پەرەپێدانی هاریكاریی تەناهی و ئابووری و فرەوانكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی.

روونی كردەوە، لە گفتوگۆكان هانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەدەین بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی عێراق و كەرتەكانی وزە و پیشەسازی و تەكنۆلۆجیا و ئابووریی دیجیتاڵی، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتەكەی لە چاكسازییەكان بە مەبەستی رەخساندنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنان و دروستكردنی متمانە بە ئابووریی عێراق بەردەوام دەبێت. 

زەیدی دووپاتی كردەوە كە هەروەها باسی بەهێزكردن و فرەوانكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی و هاریكاریی لە بوارەكانی فێركردن و مەشق و راهێنان و گواستنەوە و تەكنۆلۆجیا دەكەن، لەپاڵ پەرەپێدانی زیاتری توانای تەناهیی عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل