دوای چەند رۆژێك لە پەرەسەندنی دۆخی گەرووی هورمز و هێرشە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەكانی ئێران لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە گورزێكی بەهێزیان لە ئێران وەشاندووە و گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریایی كراوەیە.
ترەمپ لە دیدارێكی لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی"، رای گەیاند، ئەمەریكا گورزێكی گەورەی لە ئێران وەشاند، دووپاتی كردەوە كە گەرووی هورمز كراوەیە، ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە بێ مۆڵەتی پێشوەختەیی ئێران هیچ كەشتییەك ناتوانێت بە گەرووەكەدا تێپەڕ ببێت.
تەلەڤزیۆنی ئێران دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی هەموو كەشتییەكان داخراوە و هاتوچۆی كەشتییەكان تەنیا لە دوای هاوئاهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ سوپای پاسداران دەبێت، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی رای گەیاند كە ئیدارەدانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز پرسێكی تایبەتە بە ئێران و عومان، وەك دوو دەوڵەتی هاوكەناری گەرووەكە، بۆیە هەر بڕیارێك لەبارەی گەرووەكە ئەوان گفتوگۆی لەسەر دەكەن و لەسەر بنەمای یاداشتی لێكگەیشتنی نێوانیان دەبێت.