هەفتەی رابردوو رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بەڕێوە چوو و بڕیار بوو دوای ئەوە دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا دەست پێ بكەنەوە، بەڵام سوپای پاسداران بە مووشەك هێرشی كردە سەر چەند كەشتییەك لە گەرووی هورمز و دۆخەكەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئاڵۆز بوو، دوێنێ شەموو جارێكی تر لە عومان دانوستان كرا، بەڵام كتوپڕ بەهۆی هێرشێكی درۆنی ئێران دۆخەكە قڵێشایەوە.
ئەمڕۆ
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە وەڵامی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر چەند كەشتییەك لە گەرووی هورمز، شەوی رابروو گورزێكی گەورەی سەربازییمان لە تاران وەشاند، دووپاتی كردەوە كە دوێنێ شەموو ئەمەریكا و ئێران زۆر لە رێككەوتن نزیك بوون، خەریك بوو ئەوان سازش لەسەر هەموو شتێك بكەن.
روونی كردەوە، بەڵام كتوپڕ دوای دوو سەعات، بە درۆن هێرشیان كردە سەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز، ئەوان كێشەیەكیان هەیە.
ئەمڕۆ جارێكی تر بینە و بەردە لەسەر كراوەیی و داخراویی گەرووی هورمز لە نێوان ئێران و ئەمەریكا سەری هەڵدا، ئێران دووپاتی كردەوە كە گەرووەكە بۆ هەموو كەشتییەكان كراوە نییە و تەنیا ئەوانە نەبێت كە هاوئاهەنگیی پێشوەختەیان لەگەڵ سوپای پاسداران بۆ تێپەڕبوون هەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ باڵادەستیی تاران بەسەر گەرووی هورمز و مانەوەی وەك كارتێكی بەهێزی ئێران لە دانوستانەكان، لەوكاتەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە گەرووەكە بە رووی هاتوچۆی كەشتییەكان كراوەیە و لەژێر دەسەڵاتنی ئێراندا نەماوە.