قائیمقامی شارۆكەی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەنا داوای خێراكردن لە نۆژەنكردنەوەی گرتووخانەی قەڵای نوگرە سەلمان، یەكێك لە بەدناوترین زیندانەكانی رژێمی پێشووی بەعس دەكات، بە كردنی بە شوێنێكی كولتووری و گەشتیاری تیایدا تاوانە قێزەون و پێشێلكارییەكانی رژێمی پێشوو بە دۆكیۆمێنت بكرێت.
تەكلیف زیادی قایمقامی شارۆكەی نوگرە سەلمان گوتی، ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی فەیلی و ئەنفالكراوان و هیتریش لە رۆڵەكانی كوردی سلێمانی هەڵەبجە، لەو گرتووخانە گیرابوون و ئەوان رووبەڕووی توندترین جۆرەكانی ئازاردان و نەهامەتی بوونەوە.
زیاتر گوتی، ژمارەیەك لە گیراوان لەسێدارە دران و هەندێكیشیان ئازاد كران، كە تا ئێستە ژمارەیەكیان ساڵانە سەردانی قەڵاكە دەكەن، لەو گرتووخانە ئازاری ژن و منداڵ و بەتەمەنداچووەكان دراوە، زۆرینەی گیراوان كەسوكاری ئەو شۆڕشگێڕانە بوون كە لە چیاكانی كوردستان دژی رژێمی پێشوو بەرگریان دەكرد، ژمارەیەك لە گیراوان لەسێدارە دران و هەندێكیشیان لە گۆڕی بەكۆمەڵ زیندەبەچاڵ كران.
دووپاتی كردەوە كە ئێستە خاوەنداریەتیی قەڵاكە بۆ سەر وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار گوازراوەتەوە و لە ماوەی دواییش نوێنەرێكی وەزارەتەكە بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی گواستنەوە سەردانی شارۆكەكەی كردووە وەك سەرەتایەك بۆ كردنی بە شوێنێكی كولتووری سەردەمی داپڵۆسین و سەركوتكاریی رژێمی پێشووی بەعس بەدۆكیۆمێنت دەكات، بەتایبەتی لە دژی كورد.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی كرد كە داوا دەكەین گرنگی بەو زیندانە بدرێت و نۆژەن بكرێتەوە و بكرێتە شوێنێكی شوێنەواری و مێژوویی سەردانی قوتابخانە و زانكۆكانی لە هەرێم و پارێزگاكانی تر بۆ رێك بخرێت، وەك شایەتحاڵێكی زیندوو لەسەر پێشێلكارییەكانی ئەو سەردەمە، داواشی لە هەرسێ حكوومەتی فیدراڵی و خۆجێتی موسەنا و هەرێمی كوردستان كرد كە پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەكە بكەن.