ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری باڵادەستی بەسەر گەرووی هورمز ببێت، لە لایەك ئاماژە دەكات كە سەرپەرشتیكردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەكە پێوەستە بە ئێران و عومان، لە لایەكی تر دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر عومانیش رازی نەبێت دەستبەرداری باڵادەستی بەسەر گەرووەكە نابن و دۆخەكە بۆ پێش شەڕ ناگەڕێتەوە.
دوێنێ لە
مەسقەت ئێران و عومان دانوستانیان لەسەر هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز كرد، عومان پێشنیازی كردووە كە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بە دوو رێڕەو بێت و هەریەكەیان ئیدارە و یاسا و رێككاری خۆی هەبێت، واتە یەكێكیان لەژێر ئیدارەی عومان و ئەوەی تر ئێران، ئەوەی باشوور كە عومان سەرپەرشتیی دەكات، وەك پێش شەڕ كراوە دەبێت، ئەوەی باكور كە ئێران سەرپەرشتی دەكات تاران یاساكانی دیاری دەكات و پێویست بە مۆڵەتی پێشوەختە دەبێت بۆ تێپەڕبوون.
شاندی دانوستانكاری ئێران، كە بریتی بوو لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، بە پێشنیازەكەی عومان گەڕاوەتەوە تاران بۆ تاوتوێكردنی، ئەمڕۆش بەرپرسێكی ئێرانی دووپاتی كردەوە كە دانوستانەكان لەگەڵ عومان مانای ئەوە نییە تاران دەستبەرداری باڵادەستیی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمز دەبێت، هاتوچۆكردن بە گەرووەكە وەك ئەوەی پێش شەڕی لێ نایەتەوە، عومان هاوكار بێت یان نا.