لەگەڵ هەر نزیكبوونەوەیەكی ئێران و ئەمەریكا مووشەك و درۆن ئاراستەی چەند كەشتییەك لە گەرووی هورمز دەكرێت، تەنانەت قەتەر و عومان كە دوو ناوەندگیرن، خاك و كەشتییەكانیان بۆردمان دەكرێت، وەك ئەوەش دەستێك لەناو ئێران هەیە و رێگە بە رێككەوتن و سازشكردن نادات، تەنانەت ئەوانەی لەگەڵ رێككەوتنن بە ناپاك وەسف دەكەن.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە وەڵامی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر چەند كەشتییەك لە گەرووی هورمز، شەوی رابروو گورزێكی گەورەی سەربازییمان لە تاران وەشاند، دووپاتی كردەوە كە دوێنێ شەموو ئەمەریكا و ئێران زۆر لە رێككەوتن نزیك بوون، خەریك بوو ئەوان سازش لەسەر هەموو شتێك بكەن، بەڵام كتوپڕ دوای دوو سەعات، بە درۆن هێرشیان كردە سەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز، ئەوان كێشەیەكیان هەیە.
هەفتەی رابردوو هاوكات لەگەڵ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی رابەری پێشووی ئێران، خەڵكەكە لە شەقام بەهۆی بەشداریكردنی لە رێككەوتنی ئیسلام ئاباد بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا، عەباس عێراقچییان بە ناپاك وەسف كرد، پێش ئەوەش بە هەمان شێوە هێرشیان كردبووە سەر مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لەبەر هەمان هۆكار، ئەوەش نیشانی دەدات كە باڵی توندڕۆ لەگەڵ رێككەوتن و دانوستان و سازشكردن و ئاگربەست نییە.
پەیمانگەی توێژینەوەی شەڕی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە لەوكاتەی دانوستانكارانی ئێران هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە رێڕەوی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا و خۆپاراستن لە شەڕێكی نوێ بكەن، فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران و نزیك لە رابەری باڵا لەگەڵ بەكارهێنانی هێزن بۆ چەسپاندنی باڵادەستیی ئێران لە گەرووی هورمز، بۆیە ناكۆكی هەیە و ناكۆكییكەش لەسەر ئامانجی كۆتایی نییە، بەڵكو لە شێوازی گەیشتنە بەو ئامانجە.
ئەو پەیمانگە پێی وایە هەموو باڵە سیاسی و سەربازییەكانی ئێران، گەرووی هورمز وەك یەكێك لە بەهێزترین كارتەكانی باڵادەستیی ستراتیجیی ئێران لە ناوچەكە دەزانن، بەڵام بەشێكیان پێیان وایە بەكارهێنان هێز پێگەی ئێران لە دانوستانەكان بەهێزتر دەكات، بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئێرانییەكان پێیان وایە دەستبەرداربوون لە گەرووی هورمز واتە خۆرادەستكردن، بۆیە ئێران بەر لە دداننانی واشنتن بە باڵادەستیی تەواوەتیی ئێران بەسەر گەرووی هورمز ئامادە نییە دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكات و ئەمەریكاش ئەوە رەت دەكاتەوە.