لەوكاتەی بڕیارە سبەی دووشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی شاندێكی باڵا دەست بە سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا بكات، كە بڕیارە چاوی بە سەرۆكی ئەمەریكا و ژمارەیەك كۆنگرێسمان و نوێنەری كۆمپانیاكانی ئەمەریكی بكەوێت، گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق سەردانەكەی زەیدیان رەت كردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم لە
بەیاننامەیەكدا گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق سەردانەكەی زەیدیان بۆ واشنتن رەت كردەوە، ئاماژەیان كرد، لەوكاتەی ئامرازی شەڕی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لە ئەنجامدانی تاوان و خوێنڕشتن لە عێراق و ئێران و لبنان و یەمەن و فەلەستین بەردەوامن، شاندێكی حكوومەتی عێراق بۆ دیداری ئیدارەی ئەمەریكا دەچێتە واشنتن.
زیاتر گوتی، وەك موقاوەمەی ئیسلامی و وەك هەڵوێستی سەرەتایی ئەو سەردانە رەت دەكەینەوە، پاڵپشتیكردنمان بۆ حكوومەت لە راوەدوونانی گەندەڵكاران مانای ئەوە نییە بە كراوەیی لە تەواوی سیاسەتەكانی سەرپشكی بكەین، نابێتە پاساو بۆ تێپەڕاندنی چەند پڕۆژەیەك كە داهاتووی نەوەكان بە چەند كۆمپانیایەك ببەستێتەوە كە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بە بەرژەوەندییەكانی داگیركەر وابەستەن.
ئەو گرووپە دووپاتی كردەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق داگیركارییە و كاری لەپێشینەی حكوومەتە بە رێگەی جۆراوجۆر كۆتایی بەو بوونە بێنێت و بەپێی خشتەیەكی كاتی راگەیەندراو، هاوكات دژی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سازكردنی گرێبەستین لەگەڵ هەر دەوڵەتێك دوژمنی گەلەكەمان بێت و دژی باڵادەستیی ئابوورین بەسەر سامانەكانی عێراق و وریایی لە گۆڕینی داگیركاریی سەربازی بە داگیركارییەكی مەترسیدارتری ئابووری دەدەین.