هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆبووەوە

:: PM:11:47:12/07/2026 ‌

بڕیارە سبەی دووشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات، ئەو چەندان دۆسیەی گرنگ لەگەڵ خۆی دەبات و لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا باسیان دەكات، ئەمشەو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی زەیدی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق كۆبووەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەمشەو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە كۆشكی حكوومەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوە زێدان رێوشوێنە دادوەرییەكانی دوایی پێوەست بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی روون كردەوە.

ئەمە و كۆبوونەوەی هاوپەیمانیەتەكە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی هەڵوێستی هێزەكانی پێكهێنەری هاوپەیمانیەتییەكەیە سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەكان و تاوتوێكردنی كارنامەی سەردانەكەی سبەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن و ئەو دۆسیانەی تیایاندا باس دەكرێن.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل