دادگای باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، دادگاییكردنی ژن و پیاوێكی عێراقیی سەربە داعش كرد، كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرانبەر بە دوو منداڵی ئێزیدی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی ئەڵمانیاوە بڵاو كراونەتەوە، داواكاری گشتیی ئەو وڵاتە چەندان تۆمەتی گەورەی ئاراستەی ئەم دوو هاوسەرە عێراقییە كردووە، لەوانە: ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، كۆمەڵكوژی (جینۆساید) و دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان.
ئاماژە بەوەش كراوە كە هاوسەرەكان لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017ـدا، دوو كچی ئێزیدییان لە عێراق كڕیوە كە ئەوكات تەمەنیان تەنیا پێنج بۆ 12 ساڵ بووە، لەو ماوەیەشدا كە لە لای ئەوان دەستبەسەر بوون، ناچاریان كردوون بە كاری تاقەتپروكێن و بەردەوام ڕووبەڕووی ئەشكەنجە و پێشێلكاریی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، دوای چەندان ساڵ لە چەوساندنەوە، كچەكانیان ڕادەستی چەتەكانی داعش كردووەتەوە.