دادگای لێكۆڵینەوەی مووسڵ تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی ئاشكرای دەكات، دەست بەسەر كۆمەڵێك موڵك و كارگەی تری عەدنان جومەیلی بریكاری وەزیری نەوت گیراوە كە بەهاكەیان 69 ملیار دینارە.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیەنراوێكی نوێدا رای گەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی مووسڵ ئاشكرای كردووە، عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت، نۆ موڵكی بازرگانی لە مووسڵ هەبووە، هەروەها سێ كارگەی ئاردی هەبووە كە بەهاكەیان دەگاتە 69 ملیار دینار، جیا لەمانەیش حەوت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری هەبووە كە بەهاكەی 200 هەزار دۆلارە.
دادگا روونی كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو موڵكانە بەرهەمهێنن و قازانجی بەردەوامیان هەیە، بۆیە دادگا پاسەوانی تایبەتیان بۆ دابین دەكات تا لە كارەكانیان بەردەوام بن و قازانجەكانیشیان بۆ دەوڵەت بگەڕێتەوە.
چەند سەعاتێك لەمەوبەر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە راگەیەنراوێكی تردا باسی لەوە كرد، بە هاوكاری هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر 375 كیلۆ زێڕ گیراوە.