مێرفی: ترەمپ ئەمەریکای خستووەتە قەیرانەوە و هیچ بژاردەیەکی نەماوە

:: PM:08:14:13/07/2026 ‌
دوو سیناتۆری پارتی دیموکراتەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووزی 2026، هێرشیان کردە سەر سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەرانبەر بە ئێران و دووپاتیان کردەوە کە ترەمپ ئەمەریکای خستووەتە قەیرانێکی گەورەوە.

کریس مێرفی سیناتۆری دیموکراتەکان لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕای گەیاند، جەنگێکی هەمەلایەنە جارێکی تر لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە، گەرووی هورمز داخراوە و نرخی سووتەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. مێرفی ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ "هیچ بژاردەیەکی تری نەماوە، خراپتربوونی بێتواناییەکەی لە بەڕێوەبردنی دۆخەکە، ئەمەریکای خستووەتە قەیرانەوە و دۆخەکەش تەنیا بەرەو خراپتر دەچێت". ڕوونیشی کردەوە کە "ڕاستییە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە ترەمپ هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

ئەو سیناتۆرە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و دەستبەرداری کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز نابێت، کە ئێستە کۆنتڕۆڵی بەسەردا سەپاندووە. ئاماژەی بەوەش دا، کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئێران دەزانێت ترەمپ ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت لە بۆردمان، بۆیە دۆخەکە خراپتر دەبێت.

لە لایەکی ترەوە، حەکیم جێفریز سیناتۆری دیموکراتەکان دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا ڕووبەڕووی قەیرانێک بووەتەوە پێوەندی بە توانای دابینکردنی تێچووەکانەوە هەیە. جێفریز لە هەژماری خۆی لە "ئێکس" ڕای گەیاند، کۆمارییەکان هەوڵ دەدەن بەزۆر بودجەیەکی هەڵاوساوی جەنگ بەسەر گەلی ئەمەریکادا بسەپێنن، ئەمەش کارێکی قبووڵنەکراوە.



وشە - پۆڵا مەحموود