دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتە واشنتن، ئێوارەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، زەیدی دووپاتی كردەوە كە لە قۆناغی دوای كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بەتەواوەتی پشت بە توانا تەناهییەكانی عێراق دەبەسترێت و چتر پێویست بە بوونی گرووپی چەكدار و هێز لە دەرەوەی دەوڵەت ناكات.
ئەمڕۆ هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و عەلی زەیدی
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قسەیان كرد، زەیدی ئاماژەی كرد كە هێزە تەناهییەكانی عێراق توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە و دەوڵەت بڕێكی زۆر چەكی لە هەندێك لە میلیشیاكان رادەست كراوە، حكوومەتی عێراق لە پرۆسەی داماڵینی چەك بەردەوام دەبێت، هاوكات لەگەڵ ئەو لایەنانە هاریكار دەبێت كە دەیانەوێ بێنە ناو كاری سیاسی.
روونی كردەوە، زیانەكانی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر 400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هاوكات ئێمە پلانمان بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان هەیە، لەگەڵ ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی ئابووری كار دەكەین، ئێمە هاتووین بۆ واشنتن بۆ باسكردنی داهاتووی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لە عێراق و ناتوانین بەشێكی جەستەمان ببڕینەوە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لەوەش كردەوە كە سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتن سەرپێیی نییە و بۆ راگەیاندنی هاوبەشییەكی ستراتیجییە لە نێوان عێراق و ئەمەریكا، سوپاسی سەرۆك ترەمپ دەكەین بۆ پێشوازییە گەرمەكەی، عێراق كار بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی ئابووری لەگەڵ واشنتن دەكات و لە قۆناغی داهاتوودا كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دێنە ناو بازاڕی عێراقی.