ئەمڕۆ سێشەم دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاماژەی بۆ گرتنی ژمارەیەك ئەفسەری باڵا و كارمەندی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق كرد، لە بەیاننامەیەكدا وردەكاریی گرتنی ئەوان و هۆكارەكەی روون كردەوە.
بەپێی دەستەكە تیمی گەڕۆكی لێوردبوونەوە و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگری بە هاوكاری هێزی كاردانەوەی خێرا، توانیان فەرمانی گرتنی دادوەری دادگای ناوەندیی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە گرتنی لیوا و عەقید و عەمیدێك و پێنج ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغال جێبەجێ بكەن.
روونی كردەوە، پرۆسەی گرتنەكە لە دوای لێوردبوونەوە و لێكۆڵینەوەی تیمی دەستەكە لە گرێبەستە حكوومەتییەكان ئەنجام دراوە، كە بوونی گومانی گەندەڵی دارایی و ئیداری و پێشێلكاریی گەورە لە رێوشوێنەكانی دانی گرێبەستەكان و خەمڵاندنی نرخەكان لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئەشغالی سەربازی و یەكێك لە كۆمپانیا بیانییەكان بە برە پارەیەكی زیاتر لە 92 ملیار و 883 ملیۆن دینار كراوە.
دەستەی دەستپاكیی عێراق دووپاتی كردەوە كە گرێبەستەكە راستەوخۆ و بێ رەچاوكردنی كێبەركێی نرخ بە كۆمپانیاكە دراوە، لەگەڵ بوونی بڕە پارەیەكی زۆر لەناو بڕگەكانی گرێبەستەكە، ئەوە سەرەڕای گۆڕانكاری زۆر كە نرخی خەمڵێندراوی گرێبەستەكەی زۆر زیاد كردووە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەبارەی پرۆسەكە بەپێی مادەی 340ی یاسای سزاكان نووسراوە و لەگەڵ تۆمەتباران و ئەو كەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە دەخرێنە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكان و دیاریكردنی چارەنووسی تۆمەتباران.