سوپای ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 14ی تەمووزی 2026، ڕای گەیاند کە محەمەد مەڕوان محەمەد سالم، بەرپرسی ئاسایشی سەربازی لە کەتیبەی ناوەڕاستی جەبالیای سەر بە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیان لە هێرشێکدا لە باکووری کەرتی غەزە کوشتووە.
لە بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، ژمارەیەک ئەندامی تری باڵی سەربازیی ئەو ڕێکخراوەیان کوشتووە، لەوانە عەبدولمەلیک ئەبولجەبین لە یەکەی نوخبەی کەتیبەی ناوەڕاستی جەبالیا و بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە پۆلیسی حەماس، هەروەها یامەن محەمەد جبریل عوبێد ئەندامی کەتیبەی ناوەڕاستی جەبالیا، لەگەڵ غەسان ئەکرەم سەلامە دەقس ئەندامی کەتیبەی ڕۆژئاوای جەبالیا و چالاک لەناو پۆلیسی حەماس.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو ئەندامانە لەم دواییەدا کۆبوونەتەوە بەمەبەستی هەوڵدان بۆ پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی پلانەکانیان، بۆیە لەپێناو نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەم، کەرتی غەزە شایەتی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و بۆردمانی تۆپخانەیی ئیسرائیل بوو، کە خاڵەکانی پۆلیسی فەلەستینی، خێمەی ئاوارەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج.
وەزارەتی تەندروستی لە غەزە ڕای گەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا نەخۆشخانەکانی کەرتی غەزە تەرمی هەشت کوژراو و 32 برینداریان وەرگرتووە. ڕوونیشی کردەوە کە کۆی گشتیی قوربانییان لە سەرەتای چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە 11ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە، گەیشتووەتە 1108 کوژراو و 3578 بریندار، سەرباری دەرهێنانی 800 تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان.