هاوكات لەگەڵ سەردانە فەرمییەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رای گەیاند كە لیژنەیەك بۆ داڕشتنی شێوازی هاریكاریی تەناهیی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریكا پێك دەهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم
سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، كە هاوەڵی زەیدی لە واشنتن دەكات، گوتی، سەردانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەو وڵاتە، ئەنجامی گەورە و زیاتر لە پێشبینیكراوی هەبوو، دیدارەكە لە دوای كۆبوونەوەی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و راگەیاندنی سووربوونی لەسەر پاڵپشتیكردنی عێراق هات.
روونی كردەوە، پاڵپشتیكردنی عێراق بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا بریتییە لە پاڵپشتیكردنی سیستمی تەناهیی عێراقی، بۆیە دوێنێ سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تەكنیكیی سەربازی و تەناهیی عێراقی بۆ دیاریكردنی شێوازی پێوەندیی تەناهی و سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا لە دوای كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو.
نوعمان زیاتر گوتی، لیژنەكە كار لەسەر دیاریكردنی پێویستییەكانی عێراق لە تەكنۆلۆجیای تەكنیكی و ئەلیكترۆنی و چەكداری دەكات بەو شێوەی ببێتە مایەی پەرەسەندنی توانا تەناهییەكانی عێراق پێوەندیدار بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق، هاوكات كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق پاساوی هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان بۆ هێشتنەوەی چەكەكانیان ناهێڵێت.