هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سەلیم لە کوێت و سیستمی پێشوەختەی بەرگریی سی-ڕام و شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانی ئەمەریکایان کردە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەممووز، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانەوە بڵاو کرایەوە و تێیدا هاتووە، کە هێرشەکە پێگەی هێزەکانی ئەمەریکای پێکاوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە گەلی کوێت کراوە کە خاکی وڵاتەکەیان لەو هێزانە پاک بکەنەوە و ڕێگە نەدەن ئەمەریکا هێرشەکانی لەسەر خاکی ئەوانەوە دژی ئێران ئەنجام بدات.
ئەم هێرشە دوای شەوێک لە بۆردمانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا دێت بۆ سەر کەناراوەکان و شارەکانی باشووری ئێران، لە بەرانبەریشدا هێزەکانی ئێران بۆ چەند ڕۆژێکە بەردەوامن لە لێدانی بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ئێران، بەهۆی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە تا ئێستا زیاتر لە 30 هاووڵاتیی سڤیل لە باشووری ئێران گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەهۆی کەوتنی پاشماوەی مووشەک و تەقەمەنی لە نزیک نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجەی منداڵان لە شاری ئەهواز، نەخۆشخانەکە بە تەواوی چۆڵ کرا.