عەلی زەیدی داوایەكی تری ئێرانی رەت كردەوە

:: AM:10:39:16/07/2026 ‌
لەو ماوەیەی سەرۆك وەزیرانە گەنجەكەی عێراق دەستبەكار بووە،  چەندان جار دژی ئێران جووڵاوەتەوە و چەند داوایەكی ئێرانیشی رەت كردووەتەوە. دواین داوای ئێران بریتی بوو لەوەی كە زەیدی نابێت بچێتە ئەمەریكا.

ماڵپەری هەواڵی ئەكسیۆس بڵاوی كردووەتەوە، عەلی زەیدی  سەرۆك وەزیرانی عێراق، ویستوویەتی هاوسەنگی لە پێوەندییەكانی تاران و واشنتن بپارێزێت، بۆیەش سەردانەكەشی بۆ واشنتن دوای تەنیا هەفتەیەك بووە لە بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران لە عێراق.

بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمەریكی كە بۆ ئەكسیۆس قسەیان كردووە، تاران گوشاری خستبووە سەر زەیدی بۆ ئەوەی یەكەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی بۆ واشنتن نەبێت، بەڵام زەیدی پێداگریی لەسەر ئەنجامدانی ئەم سەردانە كردووە و داوای ئێرانی رەت كردووەتەوە.

پێشتریش ئێران لەبارەی بەرپرسانی گەندەڵەوە داوای كردبوو ئەو هەڵەمەتە رابگیرێت، بەڵام عەلی زەیدی سوور بوو لەسەر بەردەوامبوونی، هاوكات ئێران داوای كردبوو كە گرووپەكانی شیعی ئەوانەی میلیشیای چەكداریان هەیە، نابێت بچووك بكرێنەوە، بەڵام زەیدی داوای ئێرانی رەت كردەوە و دوا مۆڵەتی بۆ چەككردنیان داناوە و سوورە لەسەر جێبەجێكردنی.

 ئەمەریكییەكان بەم سەرۆك وەزیرانە نوێیەی عێراق دڵخۆشن و پێیان وایە لە دوای 2003وە، باشترین سەرۆك وەزیرانە كە دەتوانێت بەهاوكاریی ئەمەریكا عێراق لە ئێران دوور بخاتەوە.





وشە - سۆران عەزیز