حوسێن جان گونەر سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی چانكایا لە ئەنكەرە كە لەسەر لیستی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) هاتبووە هەڵبژاردن، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە تۆمەتەكانی گەندەڵی بە بڕیاری دادگا گیرا.
بڕیاری گرتنی سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی چانكایا و 23 تۆمەتباری تر لەلایەن دادگای ئەنكەرەوە دەرچووە. لێكۆڵینەوەكە بە تۆمەتی گەندەڵی، ساختەكاری و دابەزاندنی نرخی تەندەرەكان ئەنجام دەدرێت.
حوسێن جان گونەر لە كاتی گەڕانەوەی لە گەشتێكی دەرەوەی وڵات، لەلایەن هێزەكانەوە لە فڕۆكەخانەی ئەسنبۆگای ئەنكەرە دەستبەسەر كرا.
حوسێن جان گونەر سەرۆكی شارەوانیی چانكایا، لە میانی گوتەكانیدا لە دادگا هەموو تۆمەتەكانی لەسەر گەندەڵی و ساختەكاری ڕەت كردەوە. گونەر لە بەرگریكردنەكەیدا ڕای گەیاند، وەك سەرۆكی شارەوانی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پرۆسەكانی تەندەردا ناكات و بەپێی یاسا هەموو ئەو چالاكییانە لەلایەن دەستەی شارەوانی و بەشە پێوەندیدارەكانەوە ئەنجام دەدرێن.
سەرەڕای بەرگریكردنی سەرۆكی شارەوانی و پارێزەرەكانی، دادگا بڕیاری دا لە كۆی 30 گیراو، 24 كەسیان ڕەوانەی گرتووخانە بكرێت كە گونەریشیان تێدابوو.
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دەستبەجێ ناڕەزایی توندی لەم بڕیارە دەربڕی و لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا ڕای گەیاند، ئەم ئۆپراسیۆنە درێژەپێدەری فشارە سیستماتیكەكانی دەسەڵاتە بۆ سەر شارەوانییەكانیان.
بەڕێوەبەرایەتیی جەهەپە ڕای گەیاند، ئەوان وەك پارێزەرێكی یاسایی و سیاسی لە پشت سەرۆكی شارەوانییەكەیانەوە دەوەستن، لە نزیكەوە چاودێریی هەموو هەنگاوێكی ئەم دۆسیە یاساییە دەكەن.
شارۆچكەی چانكایە كە بە دڵی ئەنكەرەی پایتەخت دادەنرێت، بە گەورەترین شارۆچكەی ئەنكەرە و بەهێزترین قەڵای دەنگەكانی جەهەپە دادەنرێت.
حوسێن جان گونەر پارێزەرێكی گەنج و ناسراوی ناو پارتەكە، لە هەڵبژاردنە خۆجێیەكانی مانگی ئاداری 2024دا بە ڕێژەیەكی زۆر بەرزی دەنگەكان، وەك سەرۆكی شارەوانی هاتە هەڵبژاردن.