دەستەی دەستپاكی فیدراڵی رای دەگەیەنێت، سزای گرتنی توندیان بەسەر محەمەد كەربولی ئەندامی ئێستەی پەرلەمانی عێراقدا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانی لە وەرگرتنی بەرتیل و دەستوەردان لە كاروباری گشتیدا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی تەمووز،
دەستەی دەستپاكی فیدراڵی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، دادگای تاوانەكانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ گرتنی توند و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپاندووە.
هۆكاری سزادانەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كەربولی بڕی 50 هەزار دۆلاری وەك بەرتیل داوا كردووە بۆ داخستنی دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە كەسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەرخی یەكەم و هێشتنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنراوەكان، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە بەڵگەكانی بەردەستیان تەواو و قایلكەرن بۆ سزادانی تۆمەتبارەكە، بۆیەش بەپێی بڕیاری ژمارە (160)ی ساڵی (1983)، بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكە داوە و سزاكەی بەسەردا سەپاندووە.