بۆ یەکەمین جار هێرشەکانی ئەمەریکا دەگاتە باکووری ئێران

:: PM:07:22:16/07/2026 ‌
عەسری ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەمووزی 2026، ئاژانسی "مێهر"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە کە چەند گولـلەیەکی ئەمەریکی لە نزیک دوورگەی قشم سەر بە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئەو وڵاتە و لە نزیک دەروازەی گەرووی هورمز کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەندەر عەباس لە باشووری ئەو وڵاتە کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بازنەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو ئێران فراوانتر کردووە، دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار لەوەتەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستە دەستی پێ کردووە، بۆردمانەکان گەیشتنە ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە. ئەم هەڵکشانە ئاماژەیە بۆ گواستنەوەی ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر ئامانجی نوێ، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز.

لە پێشهاتێکی تری پێوەندیداردا، سوپای ئەمەریکا پەکخستنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڕاگەیاند کە ئاڵای کۆراسائۆی هەڵکردبوو و بەرەو دوورگەی "خەرگ" گەورەترین بەندەری هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەچوو، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتن بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتییەوە.

لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ سەر بەحرێن، ئوردن و کوێت وەڵامی دایەوە. هاوکات سوپای ئێران هەڕەشەکانی توندتر کرد و هۆشداریی دا کە هەر بەئامانجگرتنێکی ژێرخانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە، بە فراوانکردنی بازنەی ئۆپراسیۆنەکانیان وەڵام دەدرێتەوە.

ئەم پێشهاتانە دوای داڕمانی ئەو لێکتێگەیشتنە کاتییە دێن کە شەڕی نێوان هەردوولای ڕاگرتبوو، چونکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا واشنتن و تاران بۆردمانی یەکتریان کردووە، ئەمەش لە ناو هۆشدارییەکان لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


وشە - پۆڵا مەحموود