لە میانی سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ترەمپ رای گەیاند كە زەیدی بۆ ماوەیەكی زۆر دوورودرێژ وەك سەرۆك دەمێنێتەوە و دواڕۆژێكی گەورەی سیاسی لەپێشە، سیاسەتوانێكی سوننە ئاماژە دەكات كە ئەو بابەتە نیگەرانی لای تەواوی ركابەرانی سیاسیی زەیدی دروست كردووە، كە وایان دەزانی ئەو تەنیا قۆناغێكی كاتییە و دەتوانن بەمنزیكانە لێی تێپەڕ ببن.
ئەسیل نوجێفی سیاسەتوانی سوننە روونی كردەوە، هاوكات زەیدی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە بنیاتنانی پێوەندییەكی باش و پێشكەوتوو لەگەڵ ئەمەریكا راگەیاند و حكوومەتەكەی بە چەند و وادە و رێوشوێنێك پابەند كرد، ئەوانەش ركابەریی بەهێزی سیاسی لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دروست دەكەن، بە ئاشكرا و نهێنی، بۆیە پێم وایە شەڕی سیاسیی زەیدی ئێستە دەست پێ دەكات.
سەبارەت بە سەردانەكەی زەیدی و رەتكردنەوەی لە لایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە، نوجەیفی دەڵێت، میلیشیاكان رەتكردنەوەی دانانی چەكیان راگەیاندووە، بۆ ئەوەش پشت بە قورسایی سیاسییان دەبەستن، بەڵام ئەگەر حكوومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت سوور بن لەسەر ئەو پرۆسەیە، ملكەچ دەبن، لە كۆتادا دەبێت چاوەڕوانی دۆخە نوێیەكە و ئەو ئامرازانە بكەین كە زەیدی بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی پشتیان پێ دەبەستێت.