کۆشکی سپی: ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا واژوو بکات

:: PM:09:16:16/07/2026 ‌
کۆشکی سپی، ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەمووزی 2026، دووپاتی کردەوە کە ئێران بەردەوامە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا و ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەیە، ئاماژەی بەوەش دا کە ڕژێمی ئێران دابەش بووە و بەشێکیان پاڵپشتیی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن دەکەن.

کارۆلاین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەو بۆردمانانەی دوایی بۆ سەر ئێران بەهۆی پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکانەوە بووە، ڕوونیشی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جیهانی سەلماند کە دەتوانین لە هەر کات و شوێنێکدا ئێران بۆردمان بکەین.

گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ هەمیشە کراوەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، چونکە بڕوای بە بنەمای بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە هەیە، دووپاتیشی کردەوە کە هەڵوێستی ترەمپ و ڤانسی جێگری سەبارەت بە ئێران یەکە. لیڤیت ئەوەشی خستە ڕوو کە ترەمپ ڕێگە نادات ئێران تەقە لە کەشتییەکانی ناو گەرووی هورمز بکات بەبێ ئەوەی باجەکەی بدات، دووپاتیشی کردەوە کە گەرووی هورمز بەڕووی ئەو کەشتییانەدا کراوەیە کە بەرەو ئێران ناچن یان لێیەوە دەرناچن.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسانی پاکستان ئەمڕۆ پێنجشەم ڕایان گەیاند کە نێوەندگیرییەکەی نێوان تاران و واشنتن ڕووبەڕووی بێهیوایی و دابەشبوون بووەتەوە لە ناو سەرکردایەتیی ئێراندا. ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری بەرپرسەکانەوە گواستیەوە کە "بێهیواییەک هەیە، بەڵام دەستبەرداری نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن نابین"، ڕوونیشیان کردەوە کە گرژییەکانی ئەم دواییە سەردانی شاندێکی ئێرانی بۆ ئیسلام ئاباد دواخست.

بەرپرسە پاکستانییەکان ئاشکرایان کرد، بۆچوونی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆمار، جیاوازە لە بۆچوونی سوپای پاسداران، گوتیشیان، بەنیگەرانییەوە چاودێریی زیادبوونی دابەشبوونەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران دەکەین.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا پابەندبوونی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەمەریکا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لە سێبەری گرژییەکانی ئەم دواییە، و ڕای گەیاند کە بەچڕی لە پێوەندیدان لەگەڵ کارەکتەرەکانی ناوچەکە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری ئاشتییانەی دۆخەکە.


وشە - پۆڵا مەحموود