هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەمووزی 2026، دووپاتیان کردەوە کە هەناردەکردنی نەوت یان بۆ هەمووان دەبێت یان بۆ هیچ کەسێک نابێت، هاوکات هەڕەشەی لێدانی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیان کرد ئەگەر واشنتن ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج.
محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە گەرووی هورمز دەکەوێتە ناو چوارچێوەی سەروەریی ئێران و عومانەوە، و هیچ کەسێک مافی دەستتێوەردانی تێیدا نییە بەتایبەتی ئەمەریکا، و لە مافە ڕەواکانیان لەو گەرووەدا پاشگەز نابنەوە.
ئەکرەمی نیا گوتی، لە ناو گەرووی هورمزدا بڵاو بووینەتەوە بۆ پاراستنی تەناهیی تێپەڕبوونی کەشتییەکان، و ڕێڕەوی باکووری گەرووەکەمان وەک ڕێڕەوێکی سەلامەت دیاری کردووە، بەڵام ئەمەریکا کەشتییەکان ناچار دەکات بە ڕێڕەوەکانی تردا تێپەڕن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەمەریکا دەستتێوەردان لە گەرووی هورمز نەکات و ناوچەکە جێبهێڵێت. هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئەمەریکا ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج، ئەوا سەرجەم ژێرخانی ناوچەکە دەبێتە ئامانج بۆ ئەوان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە دۆخی گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ، و ئەگەر جەنگێکی تر هەڵبگیرسێت، وەڵامیان زۆر توندتر، فراوانتر و بەهێزتر دەبێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی بۆردمانەکانی بۆ سەر ئێران بۆ پێنجەمین شەوی لەسەریەک ڕاگەیاند، کە لە سەعات نۆی شەو بە کاتی بەغدا دەستی پێ کردووە.