نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی لە کۆنفرانسێکی بەرفرەوانی بازرگانیدا لە واشنتن، دووپاتی لەسەر بەهێزی هاوبەشی ئابووری و گەشەپێدان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمووز، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە واشنتنی پایتەخت بەشداری کردووە لە کۆنفرانسێکی بەرفرەوانی بازرگانی کە ژووری بازرگانی ئەمەریکا ڕێکیخستبوو، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان، نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کەسایەتییە بانکییەکان و دامەزراوە داراییەکان ئامادەی بوون.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وتارێکی پێشکەش کردووە و تێیدا دووپاتی لەسەر پابەندبوونی حکوومەت بۆ هاوکاری لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکا کردووەتەوە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی شوێنی بڕیاردانی ئابووری دەکات، هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەو دەرفەتە بەرچاوانەی وەبەرهێنان کە لە ئێستەدا لە سەرجەم کەرتەکانی عێراقدا بەردەستن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زەیدی ڕوونی کردووەتەوە کە ئابووری عێراق لە ئێستەدا بەدوای هاوبەشی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت لە گەشەپێدان و پەرەپێداندا، نەک تەنها بەڵێندەر بۆ جێبەجێکردن یان دابینکردن، ئامانجی حکوومەتیش گۆڕینی سامانە سروشتی و کانزاییەکانە بۆ هەلی کار کە ئاوەدانی و پاڵپشتی لە ڕێژەی گەشەسەندنی ئابووری بکات.
له کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە، نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان خواستی خۆیان بۆ هاوبەشییەکی کاریگەر لەگەڵ عێراق دەربڕیوە، ئەمەیش بەهۆی ئەو ڕێبازە ئابورییە هاندەرە و ئەو چاکسازییە دامەزراوەیی، دارایی و بانکییانەی کە حکوومەتی عێراقی گرتوویەتیەبەر و ژینگەیەکی کراوە و گونجاوی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕەخساندووە.