بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند کە هێزەکانیان لە بەشی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی ناوەند)، توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە پێش چەند ڕۆژێک نۆ دوکانیان لە گەڕەکی سێتاقان بڕیبوو و چەندین قاسە و بڕێک پارەیان دزیبوو.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمووز، لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان لە بوونی حاڵەتێکی دزیکردن لە گەڕەکی (سێتاقان)، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە. پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان، توانرا هەر سێ تۆمەتبارەکە بە ناوەکانی (م،م،ح)، (ن،س، م) و (ا. م. ج) دەستگیر بکرێن.
ئاماژە بەوەیش کراوە، لە ئێستەدا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاساییان بۆ ڕێکخراوە تا ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.