ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە تا ئێستە نۆ وەزارەتی كابینەكەی بەتاڵن، لەوانە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، سەردانی واشنتنی كرد و چاوی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت و وەك شارەزایان دەڵێن پاڵپشتییەكی گەورەی بەدەست هێنا، وای كرد شارەزایان پێشبینی بكەن لە دوای هاتنەوەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی ئاسانتر بێت.
بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، جموجۆڵێك لەناو هێزە سیاسییەكان بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عێراق دەستی پێ كردووە لە دوای گەڕانەوەی زەیدی لە واشنتن، دۆخەكە لە رووی سیاسییەوە گونجاوترە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە، بۆیە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو چوارچێوەكە كۆ ببێتەوە بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتن لەبارەی پۆستە بەتاڵەكان.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی، تا ئێستە گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان بەردەوامە، ئەگەری هەیە وەزارەت و پۆستی زیاتر بكرێت، بۆ كەمكردنەوەی كێبەركێی نێوان هێزەكان.
مستەفا مەفەرجی شارەزای سیاسی دەڵێت، سەردانەكەی زەیدی بۆ واشنتن گوڕوتینێكی سیاسی لەسەر ئاستی دەرەوە بە حكوومەتی عێراق بەخشی، بەڵام مانای ئەوە نییە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نەهێشتووە، ئێستە هێزە سیاسییەكان هەست بەوە دەكەن كە مانەوەی وەزارەتی بەتاڵ لە كابینەی حكوومەت، وێنەی لاواز حكوومەتەكە دەكات و كار لە تواناكانی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی دەكات، بۆیە گفتوگۆكانی تەواوكردنی چڕ تر دەبنەوە.
روونی كردەوە، سەردانەكەی واشنتن نابێتە هۆكاری راستەوخۆی چارەسەربوونی ئەو پرسە، بەڵاك دەبێتە گوشارێكی ناوخۆیی سیاسی بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پابەندییە گەورەكانی پێویستییان بە وەزارەت و دامەزراوەی بەهێز و سەقامگیر هەیە، بەڵام گرێ كوێرەی سەرەكی لە پرۆسەكە بریتییە لە پۆستە تەناهییەكان و وەزارەتە گەورەكان، كە پێوەستە بە هاوسەنگیی وردی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوەش پێویستیی بە لێكگەیشتن هەیە.