لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنی كرد، جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بەرپرسانی باڵا و كۆنگرێسمانەكان، چاوی بە نوێنەری كۆمپانیا گەورەكانی ئەمەریكی كەوت و دەیان رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ واژووكردن، شارەزایان باسی ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانە لە داهاتوو دەكەن.
ئەمڕۆ شەموو سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژووكردنی 48 رێككەوتن و یاداشتنامەی لێكگەیشتن و هاوكاری و هاوبەشی عێراق و ئەمەریكای كرد، رێككەوتن و یاداشتەكان بریتی بوون لە هاوكاری و هاوبەشیی نێوان وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و كۆمپانیاكانیان و كەرتەكانی تری حكوومەت و ئێكسۆن مۆبیل، كەی بی ئاڕ، جی ئێی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبێرتۆن، هەروەها رێككەوتنێك بۆ هاوكاری و ناساندنی خزمەتگوزاری لە نێوان ستارلینك و دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكان، رێككەوتنێكی تریش بۆ هاوكاری لەگەڵ هالیبێرتۆن و هیتریش.
سەردانەكەی
زەیدی و دیدار و كۆبوونەوە و واژووكردنی رێككەوتنەكان لەوێ بووە مایەی رەخنەی توندی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق، باسل حوسێن توێژەر دەڵێت، دیدی ئێران بۆ عێراق بریتییە لە سەیركردنی وەك پاشكۆیەكی ئێران نەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری سەروەری و خاوەن بڕیار لە داڕشتنی سیاسیەتی دەرەوە و وەرگرتنی بڕیارە نیشتمانییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی.
لای خۆیەوە ئەیاد سەماوی شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە دوای واژووكردنی 48 رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە رووی كردەنییەوە تا چەند عێراق ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لەو كۆمپانیایانە و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كاركردنیان، چونكە كۆمپانیا بیانییەكان لەسەر بنەمایەكی سۆزداری وەبەرهێنان ناكەن، بڕیارەكانیان بە سەركێشی نادەن.
روونی كردەوە، ئەو كۆمپانیایانە لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوەی ورد سەبارەت بە ژینگەی كار وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە ئەوان تەنیا بە دوای نەوت ناگەڕێن بۆ دەستكردن بە كارەكانیان، بەڵكو بە دوای ئاسایش و سەقامگیری و یاسا و سەربەخۆیی دادگا و خێرایی رێوشوێنەكان و روونی بڕیارەكان و پاكیی دامەزراوەكانی ئەو دەوڵەتە، ئەوان بەپێی یاسای توند كار دەكەن كە بەرتیل و سەرانە بە تاوان دەزانن، بۆیە ئەو پێوەرانەی خۆیان لەپێناو كاركردنی لە ژینگەی ناجێر ناگۆڕن، بۆیە سەركەوتنی رێككەوتنەكانی زەیدی لە واشنتن لە خواستی هاتنی كۆمپانیاكان سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو لە ویستی دەوڵەتی عێراق بە فەراهەمكردنی هەموو ئەوانە بۆیان.