ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووزی 2026، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە سوپای وڵاتەکەیان پلانێکی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران خستووەتە بەردەم سەرکردایەتیی سیاسی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا خۆی بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکانی ئامادە دەکات و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تاوتوێی هێرشێکی بەرفراوان دەکات، بۆ ئەوەی تاران ناچار بە کردنەوەی گەرووی هورمز و قبووڵکردنی داواکارییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بکات.
لە هەواڵێکی کەناڵی 13ی ئیسرائیلیدا هاتووە کە دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیل، خۆی بۆ ئەگەری پەرەسەندنێکی گەورە لە ناوچەکەدا ئامادە دەکات. هاوکات لە زاری بەرپرسێکەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی هەڵمەتەکانی بۆ سەر ئێران، لەم پێناوەشدا نزیکەی 100 فڕۆکەی تایبەت بە پڕکردنەوەی سووتەمەنی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات. پێشتریش دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرای کردبوو کە ئیسرائیل دوو سیناریۆی دیاری کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؛ یەکەمیان ئەگەر ئێران هێرشی بکاتە سەر، دووەمیشیان لەسەر داوایەکی فەرمیی ئەمەریکا دەبێت.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە سێشەمی ڕابردوو چەند پلانێکی سەربازیی نوێ لە ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کۆشکی سپی خرانە بەردەم دۆناڵد ترەمپ. میدیاکان دووپاتیان کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە ناو ئێران دەکاتەوە، کە قەبارەکەی زۆر گەورەتر بێت لەو بۆردمانانەی ئێستە لە دەوروبەری گەرووی هورمز دەکرێن. هەرچەندە ترەمپ تا ئێستە بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام پێ دەچێت ئامادە بێت بۆ قورسکردنی جەنگەکە بە مەبەستی گەیاندنی زیانێکی گەورە بە تاران، تا ناچاری بکات گەرووی هورمز بکاتەوە و داواکارییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی جێبەجێ بکات. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوا دووپاتیان کردووەتەوە، کە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان دەربکات.