ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووزی 2026، سەرچاوەیەکی حكوومەتی ڕای گەیاند، قەبارەی ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران دەگەڕێنرێنەوە دەگاتە 10 تریلیۆن دینار و بڕیارە لیستی ناوی 40 بەرپرسی تریش بە مەبەستی لێسەندنەوەی پارێزبەندی و گرتنیان، بدرێتە هێزە سیاسییەکان، هاوکات ئۆپراسیۆنەکانی نەهێشتنی گەندەڵی بەردەوام دەبن و بۆ سەلماندنی تاوانەکانیش، دانپێدانانی تۆمەتباران دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی.
لە لێدوانەکەی سەرچاوە حكوومەتییەکەدا هاتووە کە لیستێکی نوێ ئامادە کراوە، ناوی 40 کەسایەتیی تێدایە کە تێوەگلاون لە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی. ئەو کەسانە پێکهاتوون لە چوار پەرلەمانتار، بریکارانی پێشووی وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، خاوەن کۆمپانیاکان و کەسانی تر لە پێکهاتە جیاوازەکان. ئەم لیستە دەخرێتە بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییەکانی تر بۆ ئەوەی پارێزبەندییان لێ بسەندرێتەوە و فەرمانی گرتنیان بۆ دەربچێت، ئەوەش وەک تەواوکەری ئەو هەڵمەتەی کە عەلی زەیدی سەرۆکی حكوومەت سەرپەرشتی دەکات.
سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ گەندەڵکاران، سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانیان، بڕی ئەو پارەیەی دەگەڕێتەوە نزیکەی 10 تریلیۆن دینار دەبێت، ئەم پارەیەش بەتەنیا بەشی چارەسەرکردنی تەنگژەی مووچە دەکات بۆ زیاتر لە پێنج مانگ. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بە واتای لێخۆشبوون لە تۆمەتەکان نایەت، بەڵکوو سەلماندنی تاوانەکەیە و دەستبەرداری مافی گشتی نابن. بڕیاریشە دانپێدانان و دادگاییکردنی تۆمەتباران ڕاستەوخۆ بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ساختەکاری بکرێت و ببێتە پەند بۆ کەسانی تر.
لە ڕۆژی یەکشەم 28ی حوزەیرانی ڕابردووەوە، حكوومەت ئۆپراسیۆنێکی گرتنی فراوانی دەست پێ کردووە و لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی بەردەوامن. لە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکەشدا، دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتەکانی تەندروستی، نەوت و کارەبا دەکرێنەوە و بەدواداچوون بۆ موڵک و پارەی بەرپرسان لە ناوخۆ و وڵاتانی وەک ئەمەریکا، ئەوروپا و تورکیا دەکرێت، هاوکات پڕۆژەیاسای "ئەمەت لەکوێ هێناوە" لە ئامادەکردندایە. پێشتریش سەرۆکی حكوومەت داوای لە هاووڵاتییان کردبوو کە زانیاری لەسەر گەندەڵکاران بدەن لە بەرانبەر وەرگرتنی پاداشتی دارایی.