سەرچاوەیەكی تەناهی لە ئیسرائیل ئاشكرای دەكات، موجتەبا خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی خۆی نییە، نامەكانیشی ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران دەیاننووسێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ی تەمووز، سەرچاوەیەكی تەناهی لە ئیسرائیل ئاشكرای دەكات، موجتەبا خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی لە وڵاتی خۆی نییە و لە دەرەوەی ئێرانە. دەشڵێ، "نامەكانی موجتەبا، ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران دەیاننووسێت".
سەرچاوەكە كە ماڵپەڕی حەدەس زانیارییەكانی بڵاو كردووەتەوە دەڵێ، "ناكۆكیی ناوخۆیی لە ئێران زۆر قووڵە و تەنانەت هەڕەشە لە سوپای پاسداران دەكات".
لەبارەی هەوڵەكانی ئێرانیش سەرچاوەكە دەڵێ، "ئێران هەوڵی داوە وەك تۆڵەكردنەوە لە تەلئەبیب چەند كەسایەتییەكی ئیسرائیلی بكوژێت".
بۆ بابەتی بەشداربوونیش لە جەنگ سەرچاوەكە دەڵێ، "ئەمەریكا نایەوێ ئیسرائیل بەشداریی جەنگ بكات تەنانەت ئەگەر ئێران بۆردمانیشی بكات".
لە مانگی ئاداری رابردووەوە موجتەبا خامنەیی كراوەتە رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران و تا ئێستە دەرنەكەوتووە، بۆیە گومان لە چارەنووسی دەكرێت.